ئەمڕۆ ان شاءاللّە باسی ئەوانە دەکەین کە تەداخول لە چارەسەری پزیشکی دەکەن، لەخۆیانەوە تەشخیس دەکەن و دەستکاری شکاوی و لەجێچوونەکان دەکەن. بەڵێ، باسی جەڕاح و شکستە دەکەین.
حەتمەن ڕۆژێک لە ڕۆژان باسی جەڕاحەکانت بیستووە و بەسەر وەسفەکانیاندا تێپەڕیویت. گومانیشمان نییە کە قەدیم، کاتێک دکتۆر و خەسەخانە و پسپۆڕییە وردەکان نەبوون، جەڕاحەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە. یارمەتی لێقۆماویان داوە و کەلیان گرتوون. ئەوان لە خەڵکی عام زیرەکتر و وردتر و بە ئەزموونتر بوون. تەنانەت ئێستاش ڕێزیان لێ دەگیرێت و خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن. بەڵام نابێت ئەم قەدرزانینە ببێتە هۆی چاوپۆشی لە حەقیقەت و خۆ گێل کردن لێی.
دەشێت بەهۆی بەکارهێنانی دەرمان و ئەعشابەکان یان ڕاکێشان و ئەم شتانەوە زیانی جیددی، جا چ دیار و ڕاستەوخۆ بێت، چ شاراوە و تەئخیر، ڕوبدات. خۆ لەو سەردەمەدا فەحس و ئەشیعە و تۆماری زانیاری نەخۆش نەبووە تاوەکو ئەم زیانانە ببینن و ڕەبتی بکەنەوە. لەبەرئەوە بەسەریاندا تێپەڕیون. ئەگەر هەستیشیان پێ کردبێت، لەبەر حورمەتی ئیشە باشەکان و ناوبانگی چاکی جەڕاحەکان باس نەکراون. خۆ ئەگەر جەڕاحەکە بێ ویژدان بووبێت توانیویەتی بەدڵی خۆی لێکدانەوە و تەحلیلی بۆ بکات و دوریبخاتەوە لە خۆی.
با لەگەڵ ئێستادا بەراوردێک بکەین. دکتۆری ئێستا تەنها پشت بە ئەزموون و تەجرەبەی خۆی نابەستێت. بەڵکو ئەزموونی گشت دەکتۆرەکانی جیهان، ئەزموونی دەیان ساڵ بگرە سەدان ساڵ لەبەردەستدایە و کۆکراوەتەوە. ئەمەش هەمووی کراوەتە مەنهجێکی چڕوپڕ بۆ ئەم دکتۆرە.
عیلمی توب ئێستا زۆر پێشکەوتووە. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئەم پێشکەوتنە گەیشتووەتە قیممە لەچاو جاراندا. هەرلە تیشک و لاب و فحوساتە زۆرەکانەوە تا دەگاتە جین ستەدی و رۆبۆتیک و ڤی ئاڕ کە ئەمانە لەشی مرۆڤیان وەکو شارێک لێ کردووە کە بە ئاسانی بە جادەو کۆڵان و خانووەکانیدا گوزەر دەکەیت. ئەم شتانە لە هەگبەی جەڕاح و شکستەدا نادۆزیتەوە، بۆیان مەگەڕێ. قەدیمان وتویانە: نان بۆ نانەوا، گۆشت بۆ قەساب.
ئێستا با پرسین بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو شتانەی کە وتمان، خەڵکی لای خۆمان هێشتا جەڕاحەکان دەخەنە پێش دکتۆر. ئایا نهێنییەک لەمەدا هەیە کە ئێمە لێی بێ ئاگاین؟ یان هۆکارەکەی تەنها نەزانی و عەوامییە؟ یان هۆکاری دیکەش هەیە؟ چاوەڕوانی بەشی دوهەم بن کە تیایدا ان شاءاللّە هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدۆزینەوە.