بسم اللە الرحمن الرحیم
ڕۆماتیزمە کۆمەڵێک نەخۆشییە کە زیاتر لە جومگە و ئێسک و ماسولکە و بەستەرەکاندا ڕوودەدات. خەڵکێکی زۆر وادەزانن ڕۆماتیزە تەنها یەک نەخۆشییە. بەڵام وا نییە. ئەمە وەکو ئەوە وایە منداڵێک تەنها ناوی: نەخۆشیی بیستبێت و ئیتر بێ ئاگا لەو هەموو جۆرە نەخۆشییانەی کە ئێمە دەیانزانین، ئەو وادەزانێت هەموو نەخۆشییەک هەر یەک شتە. ڕۆماتیزمەش وایە. زۆربەی خەڵک بە یەک نەخۆشی لێی تێگەیشتوون. بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر نەخۆشییە.
هەندێک لە نەخۆشییە ڕۆماتیزمەکان و بە عام پسپۆڕی و ئیختیساسی ڕۆماتیزم لەچاو نەخۆشی و ئیختیساسەکانی دیکەی وەکو شەکرە و زەخت و ڕەبۆ و قورحە و ئەوانە تازەیە و لەم چەند ساڵانەی دوایی پێگەیشتن و تێگەیشتنمان لێیان پەرەدەسێنێت. تەنانەت یەکێک لەو ٢٠٠ نەخۆشییانەی کە ووتمان پێی دەوترێت هەوکردنی جومگەی ڕۆماتۆیدی، ئەم نەخۆشییە هەندێک لە زاناکان ئەڵێن لە داهاتوودا دەردەکەوێت کە لە ڕاستیدا کۆمەڵێک نەخۆشییە و ئێمە ئێستا تێگەیشتنمان هەر هێندەیە کە وەکو یەک نەخۆشی تەعامولی لەگەڵ دەکەین.
لەوانەیە بتوانین نەخۆشییە ڕۆماتیزمییەکان دابەش بکەین بەسەر چوار تاقمدا.
1. یەکەمیان کە باوترینیشیانە تاقمی داخورانە.
لەمانەدا بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە داخورانی جومگەکان ڕوودەدات. یەعنی دیاردەی داخوران تیایدا زاڵ و هۆکاری سەرەکییە، وەکو سەوەفان.
2. دوای ئەوە تاقمێکی دیکە کە دوهەم باوترینە و پێی دەوترێت تاقمی ئیلتیهابەکان. ئەمەیان وەکو دەردە پاشان، یان دائول مولوک.
3. ئەخیر جۆریش تاقمی خۆخۆرییە. ئەمە قسەی خۆمە. خۆم ئەم وشەیەم داهێناوە. بە زمانە زانستییەکەی پێی دەوترێت ئۆتۆ ئیمیون، واتە خۆبەرگری. کە تیایا بەرگری لەش هێرش ئەکاتە سەر دوژمنەکانی لەش، بەڵام هەندێ جار خودی لەشیش بە دوژمن دەبینێت و بەرئەبێتە خۆی. نموونە و باوترین نەخۆشی ئەم تاقمەش هەوکردنی جومگەی ڕۆماتۆیدییە یان ئاڕ ئەی کە پێشتریش ئاماژەیەکمان بۆ کرد. نموونەی دیکە وەکو نەخۆشی گورگە سورە کە پێی دەڵێین ئێسێل ئی. نموونەیەکیتر نەخۆشی بەهجەت.
بەمجۆرە دکتۆری زیرەکی ڕۆماتیزم زیاتر ئەسپی خۆی لەم تاقمەدا تاو دەدات کە هەرچەندە لە چاو تاقمەکانی دیکە دەگمەن و ژمارەی نەخۆشی کەمترە، بەڵام بوارێکی زۆر وورد و قوڵە و تێکەڵە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی لەش و پسپۆڕییەکانی دیکەی پزیشکیدا.
بۆچی ئەم هەموو شێرو ڕێوییەم هێنایەوە؟
1. بۆ ئەوەی کە تێ بگەن ئەکسەرییەتی نەخۆشییەکانی خەڵکی لە تاقمی یەکەم و دووهەمن، ئەوانەی وەکو سەوەفان و دائول مولوکن. کە ئەکسەرییەتی ئەم تاقمەش بە پارێزکردن، جوڵە و حەرەکەتی ڕێک و خواردنی باش و سیححی ان شاءاللە چارەسەر دەبن یان ڕێگرییان لێ ئەکرێت. بەڵام بیرتان نەچێت وتمان ئەکسەرییەت چونکە دەشێت هەندێکیان لێکەوتەی نەخۆشی دیکە بن و هۆکاری دیکە هەبێت لە پشتیانەوە.
2. بۆ ئەوەی کەس لە خۆیەوە هەڵنەسێت ڕۆڵی دکتۆر ببینێت و بڵێت ئەمە هیچ نییە و من ئەزانم بە گوێی من بکە. لەوانەیە تۆ لە تاقمی سێهەمی نەخۆشییەکان بیت. ئەوانەی کە وتمان وورد و ئاڵۆزن. ناسینەوە و تەشخیسی ئەمانە و چارەسەرکردنیان دکتۆری زیرەکی دەوێت. موتابەعەی وورد و متمانەی تەواوی دەوێت لە بەینی دکتۆر و نەخۆشدا.
3. دەرکەوتووە، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی پێشوو، ئەگەر زوو فریای جەماعەتی تاقمی سێهەم بکەویت و عیلاجی چڕ و گونجاوی بۆ بەکاربهێنیت، بە تایبەتی لە نەخۆشی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتۆیدی، ئەوا نەخۆشەکە لە تێکچوونی جومگەکان و لاربوونی دەست وپەنجەی نەجاتی دەبێت. ئەمەش دەسکەوتێکی زۆرە و حەیفە بتوانیت کەسێک لە موعەویقی ڕزگار بکەیت و نەیکەیت.
و السلام